بن كەپرێك و تاپۆی پیاوێكی بەردینەیی

سرەنجی كەس ڕاناكێشم، باوی لاقەكانم خۆش نییه، بەهەڵكەوت كه چەند چاوێكی سارد له چاوم دەكەن وەك لاپەڕەیەك زوو هەڵدەدرێنەوه و له كاتی كڕینی میوەدا كه سەرم داخست نەختێك له گێژەوه هاتم:

-        حاجی خانم ئاژانسێكتان بۆ بانگ كەم؟

حاجی خانم؟؟!! سڕ بووم، فیتوویەك مێشكی سەرمی پێكاوت، حاجی خانم؟! یەكەم جاره كەسێك بەم نێوه بانگم دەكا! گوێم له قرچه قرچی ئێسكەكانم بوون و ئاگام له داهێزانی چۆكەكانم، چەند كیلۆ میوەكانیش ببوون به دووتا سیمانی قورس كه بە زەحمەت له دووم دەهاتن.

-        چەنده زوو درەنگ دەبێ كچم!

-        دایە گیان سەفەرێكم له بەره، دەچمه شوێنێكی دوور دوور.

 بەر لەوەی بێمه ئەم شوێنه دووره چاوەكانیم پێ پڕكرد له خەمێكی قوڵ و وەك هەمیشه نەمزانی بۆ من بوو یان حەكایەتی خەمه نەگوتراوەكانی خۆی. چەند دلۆپێك ئاوی باران پڕژایه سەر گۆنام و راست بوومەوه، لە سەر تەخته بەردێكی پان له قەراغ دەریا هەروا بە دانیشتنەوه خەوم لێكەوتبوو:

-        ئەم سەرخەوه كورتانە له ماوەی رۆژێدا دەگەڵ وەكە دەفەرمووی شەوانه خەوت لێناكەوێ نیشانەیەكی باش نییه!

دوكتور ئەوانەی دەگەڵ كۆڵێك دەرمان كه بۆی نووسیبووم پێگوتبووم.

هاتم بگەڕێمه وه باران زۆر زووتر لەوەی كه چاوەڕوانیم دەكرد توندی كرد و له ماوەیەكی كورتدا ئاوی باران بە سەرتاپای لەشم دا چۆڕاوگەی بەست! سێ چوار گرمەی توندی چەند برووسكەیەك تێكەڵاوی بۆنی ماسی و  دەریا و ماسیگرەكان و خیزەڵێنی بەر لاقم ببون ، رەنگی وڵات دەگەڵ وەكه چەند سەعاتێك مابوو بۆ داهاتنی شەو خۆڵەمێشی بەرەو رەنگی شینی دەریا بوو به ترووسكەیەكی پاراو كه تائەوكاته له ژیانم جگه له ئاڵبۆمی نەقاشییەكاندا نەمدیبوو.

-        دەرمانەكانم قەت به تەواوی ناخۆم یانی له بیرم دەچنەوه دووجەم دەیان خۆم و سێ جەم نا جاری واشه له شەوێكدا دووجاری دەخۆم دوكتور!

هێزێك رێك بەرەو دەریا پاڵی پێوەدەنام. پۆلێك باڵندەی ماسیگر لە شەپۆلەكان ئارامییان گرتبوو و دەگەڵ هەڵكشان و داكشانی شەپۆلەكان سەر و خوارییان دەكرد . پیاوێك نەختێك خوارتر له سەر چوار پایەك دانیشتبوو و چەترێكی له سەر خۆی هەڵدا بوو چاوی له دوورترین سووچی دەریا بڕیبوو. لیباسەكانی بنەوەشم خەریكبوو دەخوسان كەچی سەرمام نەبوو، دەنگی رێژنەی ئاوی باران بەسەر ئەم دەری پان و بەرینە دا بۆم ئاشنا نییه و دڵەكوتەیەكی نامۆ دامدەگرێ.

-        چ بوو وادەكەم و وابچێ؟ نەمگوت ئاخر و عاقیبەتی نییه؟ شێت ببوی ئەو قسە زەلام زەلامانه خەریكه ئاوارەت دەكا!

-        بۆ چی ئاواره؟ نابێ ئەو جیهانه پان و بەرینەی هێندەم قسەی زەلام بۆ كرد له نزیكەوه ببینم؟ خەریكه شێت دەبم!

بۆ خۆم پێدەكەنم دایكم پێناكەنێ.

 هەورەكان تا دێن زیاتر دەبن و بۆڵە بۆڵی دەریا زیاتر، بێ وەی ئاگام لێ بووبێ تا سەر چۆك چووبوومه نێو ئاو، كیفەكەم بەشانمەوە بوو باوەرم نەكرد ئەم شەپۆلانه هێندە بەهێز بن كه هەر لەیەكم وێكەوتنییان له ئاوەكەم راكێشن و پشتاوپشت بەر بمە وه و دەگەڵ گەڕانەوەشییان بۆ لایی قووڵایی ڕامكێشن! باران بە گوڕەم دەباری شەپۆڵكان تا دەهاتن بەسامتر و بڵیندتر دەبوون بە چەشنێك هەرله  جێی خۆم دانیشتم و رێگەم دا هەموو جارێ بەسەرتای پای لەشم دا بێتەخوار و بم شواتەوه هێوڕ ببوومەوه دەتگووت دەستێكی بەهێز دامدەماڵێ. نازانم چۆن گەیشتبوومه رووبەڕووی پیاوەكه كه هەروا چاوی له دوورترین سووچی دەریا بڕیبوو، سەمعەكەكەم فیتووی كێشا و زانیم تەواو خووساوه دەرم هێنا و له گیرفانی كیفەكەم ڕاكرد كه ئەویش تەواو تەڕ ببوو. له یەك ئاندا وڵات بە هەموو هەراهەرای خۆیەوه كووژاوه ، چەند جار حەولم دا بگەڕێمەوه كەچی دەریا ئەمانی پێنەدەدام و خێرا خێرا بەردەبوومەوه، كابرا  هاتەلام چەترەكەی هەروا بەدەستییەوه بوو، تاسەر چۆك هاتە نوێ ئاوەكە و دەستەكەی دیكەی بۆ لای هێنام، لە كاتێكدا دەلەرزیم ماوەیەك بێ ئەوەی دەستی بگرم لێی رامام ، بۆخۆی دەستی گرتم و ڕایكێشامه دەرێ و چەند هەنگاو گەیشتینه سەر تاته بەردەكان كه بە زللەی شەپۆلەكان رەش و شین ببوونەوه.

-        پێت وانەبوو ئەم ورده شەپۆلانه هێندە بەهێز بن وایە؟

راستی دەگوت پێم وانەبوو.

-        چایەكی گەرم لە بن هۆو كەپره دەتحەسێنێتەوه  وایه؟

راستی دەگوت پێی دەحەسامەوه.

-        میوانی من باشه؟

ئەوەندەم گوت هیچی نەگوت. تازە زانیم دەستم هەروا دەدەستی دایه و خێرا دەستیم بەردا. نەم دیبوو ئەوەنده گوڵ له هەمه رەنگ پەرژینیان بۆ كەپرێك ساز كردبێ.

-        لێره گۆڵ له هەموو شتێك زیاتره هەڵبەت دوای شینایی!

ویستم پێبڵێم نەمگوت دیسان چاوی له دوورترین سووچی دەریا ڕامابوو و دوای وەی زانی من قەنەه ناكێشم خەرێك بوو مژێكی قوڵی لێدەدا. چا و نان و پەنێری وەرگرتبوو و له پێشی دانا بووم . زۆرم برسی بوو بەڵام نەك ئەوەنده كه ئەوم پێ سەیر بوو. گوێم له هیچ نەدەبوو و له دەریا كه نەختێك دوور ببوینەوه شەپۆلەكان ببونه  دێوەزمەیەك كه بۆ قوت  دانی بەستێن دەهاته پێش و به چنگه فركەوه دەگەڕاوە پشتەوه . دەلەرزیم  و شەو خەریكبوو دادەهات.

-        زۆر باشە جار و بار بكەوینە شوێنێك كەس نەمانناسێ وەك ئێستا كه تەنانەت من و تۆش یەكتر ناناسین!

بێ ئەوەی چاو لەدەریا هەڵگرێ مژێكیتری له قەنەكەی دا.

-        دایكم زۆر نیگەران بوو ...

بن كەپرەكه پڕبوو له قوڵتە قوڵت و بۆنی ئەسانسێكی خۆش كه له قەنەكەی دەهات .كه بەشه نان و پەنیرەكەی خۆی لێهێنامه پێش بۆنی ئودكڵۆنە گرانباێیەكەیم پڕ بە سینگم هەڵكێشا و ئیتر نەمدەزانی له بۆنی گوڵ و باران و دەریا و قەنه و ئودكڵۆنەكەی كامییان خۆشترن؟ باران لێیكردەوه هەموو وڵات لە رەنگێكی خۆڵەمێشی ماتدا تروسكەی دەهات. هەستامه سەرپێ داوێنی مانتۆكەم و روسەرییەكەم كوشی سەمعەكەكەم له گوێم كردەوه و هەموو وڵات لە یەك ئاندا هەڵبۆوه و سەر لە نوێ شەپۆل و ماسیگرەكان و هەناسەی ژیان بەرز بوونەوه.

-        سەرمات دەبێ زوو بگەڕێوه ماڵێ!

ئەوجار من بێدەنگ بووم و تەنیا بزەیەكم كەوتەسەر لێو. سیمای پیاوانەی بە سەرێكی ماش و برینجی و ئەو بێدەنگی و چاوه دەروێشكراوەكانی تەواو هێمنایەتی وەبەرنابووم ، پارەیەكم له سەر كەشەفەكه دانا بێ وەی چاوی لێبكا هەڵی گرت و دایەوه دەستم و  چاوی له دوورترین سووچی دەریا برێوە . وام هەست كرد دوو باڵی چكۆله  له پشتمدا چەقەرچی دەدا و نەختێك دەخورا ،بە قەراغ دەریادا یەكە یەكە كۆڵانە باریكە كانم بەرەو ماڵ بەجێ دەهێشت: كۆڵانی لادەن، كۆڵانی دەریا، كۆڵانی نیما، كۆڵانی شەقایق ، كۆڵانی گۆڵی مریەم، باوی لاقەكانم زۆر خوشتر ببون و جیا لەوەش  باڵ‌كانم تادەهاتن گەورەتر دەبوون و دوور و نزیكی ماڵەكەی هەر لە قەراغ د‌ریا بە كرێم گرتبوو، سووكێك هەڵفریم و رێك لەسەر هەیوانەكەی هەڵنیشتمەوه. شەو تەواو بەسەر دەستان دا هاتبوو ، له تەنیشت شۆمینەكە لە سەر موبڵە نەرمەكه پاڵم داوەتەوه پەتوویەكی سووكم لەخۆم هاڵاندووه باڵە سپی و توكنەكانم وەك پاڵپشتێكی نەرم دەملاوێننەوه سەرخەوێكی خۆش دەشكێنم و چایەكی تازەم تێدەكەم و بۆنی بە هەموو ماڵدا گەڕا، هەستامه سەرپێ و بەر لەوەی ڕۆمانی «گڕەوی بەختی هەڵاڵە»ی كاك عەتا نەهایی دەست دەمێ ، چوومه بەر ئاوێنە باڵانوێنەكه، كۆڵمەكانم گەشاونەتەوه، چاوەكانم ناناسمەوه، باڵەكانم سەبرێك ڕادەوەشێنم ، دڵنیام دایكم ئەوجار بمبینێ دەگەڵ هەموو خەمەكانی خۆیدا خەم دایناگرێ. له پەنجەرەڕا چاوێك له قەراغ دەریا دەكەم  ئەو پیاوە له تاریكیدا دەناسمەوه كه هەروا چاوی له دوورترین سووچی دەریا بڕیوه...